١٠ ڕێنمایی پێویستە جێبەجێی بکەیت لە کاتی نوسینی سیڤی - Find a job in Kurdistan

گەورەترین سەرچاوەی دۆزینەوەی هەڵی کار لە کوردستان

19/08/2020

١٠ ڕێنمایی پێویستە جێبەجێی بکەیت لە کاتی نوسینی سیڤی

بۆ ئەوەی سیڤییەکەت گونجاوبێت و ئەگەر بەدەستهێنانی کارت بۆ زیاتر بکا، و دووربێت لە ڕەتکردنەوە، ڕەچاوی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بکە لە کاتی نوسینی دا

یەکەم: ڕاستگۆیی لە نوسینی زانیاریی تایبەتی، پێویستە بە دروستی ناو و ناونیشان و هۆکارەکانی پەیوەندی پێوەکردن بنوسی، و توانا و ئەزموونت وەکو خۆی بنوسی و زیادەڕۆیی نەکرێ لە دانانی هەندێ توانا و زانیاریی کە لە توانات بەدەرە، ئەمە یارمەتیدەر نابێت لە دەستخستنی کارەکە و ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی ئەو دەرفەتەی بۆت دەڕەخسێ.

دووەم: شێوازی ڕێکخستنی سیڤییەکە، پێویستە شێوازێکی ڕێکوپێک و سادە بێت سیڤییەکەت و گرنگی بە خاوێنی بدەی لە کاتی چاپکردن و خستنە زەرفی تایبەتی لە کاتی پێشکەشکردنی دەستیی بۆ هەر جێگایەک، وە پێوانەی کاغەزی A4 بەکاربهێنیت

سێیەم: ژمارەی پەڕەکانی سیڤییەکەت لەبەرچاو بێ، هەوڵبدە تەواوی زانیارییەکانت لە ٢ پەڕەدا کۆبکەیتەوە و بە کورتی و بە پوختی گرنگترین خاڵەکانی پەیوەست بە دەرفەتی کارەکەوە بخەرە ڕوو.

چوارەم: هەوڵ بدە تەواوی خاڵە پێویست و داواکراوەکانی دەرفەتی کارەکە بناسی و دیاری بکەی، تاوەکو بەشێوەیەکی بەرچاو توانا و ئەو ئەزمونەی هەتە و گونجاوە لەگەڵ داواکارییەکان بخەیتەڕوو بەشێوەیەک کە بەرچاو بێت بۆ خاوەن کار.

پێنجەم:  بۆ هەر دەرفەتێکی کار، سیڤی تایبەت دروست بکە، هەر جۆرە کارێک کۆمەڵێک داواکاری و تایبەتمەندی هەیە، پێویستە لە سیڤییەکە ئەو توانایانە نیشان بدەی کە لەگەڵ داواکارییەکە یەکدەگرێتەوە و لەهەمان بوار دایە.

شەشەم:  هەوڵ بدە هاوسەنگی بپارێزە لە کاتی نوسینی ئەزموونی کار کە پێشتر ئەنجامت داوە، بۆ نمونە ناکرێ بنوسی کە لەهەمان کات و بەروار دا دوو کارت ئەنجام بداوە لە کاتێک دا لە توانای کەس دانەبێ ئەو دوو کارە بەیەکەوە ئەنجام بدرێ و مەحاڵ بێ، ئەمە بەزیان بۆت دەگەڕیتەوە.

حەفتەم:  لە کاتی نوسینی سیڤی دا، چەند جارێک پێیدا بچۆرە و ە هەوڵبدە دووربێت لە هەڵەی ئیملایی-  ڕێنووسیی، بە تایبەتی وشەی عەرەبی و ئینگلیزی.

هەشتەم:  دەکرێ لە کۆتایی دا، بە دێرێک ئەو هۆکارە بنوسی کە وادەکات تۆ کەسی شیاو بیت بۆ ئەم کارە.

نۆیەم:  هەوڵبدە سیڤییەکەت سادە و ساکار بێت، و دوور بێ لە بەکارهینانی زۆرترین ڕەنگ و چوارچێوە و فۆنتی نەگونجاو و خشتەی زۆر.

دەیەم:  پێویستە بەردەوام سیڤییەکەت نوێ بکەیتەوە، گۆڕینی بەروارەکانی کارکردن و زیادکردنی ئەو بڕوانامە و خول و کارانەی کە ئەنجامتداوە و زیادکردنی توانا و لێهاتوویە نوێیەکانت.


سۆران عبدالرحمن
١٤/٧/٢٠٢٠